.jpg)
بەڕێز ... جین شین، یاریدەدەری وەزیری فەرمانگەی نێودەوڵەتی لێژنەی ناوەندی حزبی شیوعی چین.
بەڕێز ... باڵیوزی كۆماری چینی میللی لە عێراق
بەڕێز ... لیو جیون سەرقونسڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان
بەڕێز ... د.كاوه محمود سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەسپێشخەری شارستانی جیهان
خوشك و برا بەڕێزەكان .... ئەم کاتەتان باش
خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە ئەمڕۆ لەم مەراسیمە گرنگەدا ، مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانی جیهانیە لە هەرێمی کوردستان بەشدار دەبین ، بانگهێشتمان لە لایەن قونسڵی گشتی چین هاوڕێ لیون جیون بۆ ئەم دەستپێشخەریە بە بەرزی دەینرخێنین
بەناوی حزبی شیوعی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەین و هیوای سەرکەوتنی تەواو بۆ کارەکانتان دەخوازین.
ئەم دەستپێشخەریە لەم بارودۆخەی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بۆخۆی هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە و دەتوانێ ببێتە دەروازەیەکی باش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گەشە پێدانی مرۆیی و پردێ پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی چیندا كە ڕۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕێت لە پێشخستنی هاوکاری نێودەوڵەتی و تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان گەلاندا، بە تایبەت لەسەردەمێکدا کە جیهان پێویستی بە دیدگای نوێ و چارەسەری هاوبەش هەیە بۆ کێشە و قەیرانەکان. ئەم هەنگاوە نوێیە، هاوتایە لەگەڵ تێکۆشانی بەردەوامی گەلانی جیهان بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کەبنەمای ڕێبازی ماركسیزم پێکدەهێنێت و بەھەنگاویكی کاریگەر لە گەشەی بەردەوامدا دەبینرێت و هاوکات هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقدا ، دەکرێ بنەمای ئەزموونێكی بە سوود بێت کە پێشڕەوایەتی پەرەپێدانی مرۆیی بەردەوام دەكات لە جیھاند ، ئەم ئەزمونەش ئەزموونی كۆماری میللیی چینە.
لەم چوارچێوەیەشدا، حزبی شیوعی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو دەستپێشخەرییە جیهانییانەی کە لەلایەن سەرۆکی چین بەرێز (شی جینپینگەوە) خراونەتەڕوو، کە خۆیان لە گەشەپێدانی جیهان، ئاسایشی جیهان، شارستانی جیهان، و گەشەپێدانی ژێرخانی وەبەرهێنان لەخۆ دەگرێت و تیشک دەخەنە سەر گرنگیی هاریكاری، هاوبەش، ڕێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و پڕشنگدار بۆ مرۆڤایەتی.
بەڕێزان/
جەخت دەكەینەوە لە بەھێزكردنی پەیوەندی دوو قوڵی نێوان حزبی شیوعی كوردستان و حیزبی شیوعی چینی میللی کە لەسەر بنەمای فكری و خەباتی هاوبەش لەپێناو ئازادی و دادپەرەری کۆمەڵایەتی بنیات نراوە. سوپاسی کونسڵگەری گشتی کۆماری چینی میللی دەکەین لە هەولێر کە بەردەوام کاری لەسەر بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە هاوبەشە کردووە.
هەر ئەمەشه وایکردوە حزبی شیوعی کوردستان هەمیشە بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبی شیوعی چین بکات و سوودی لە ئەزموون و دەسکەوتەکانی وەرگرتبێت كە دەرفەتی باشی بۆ کادیرانی حزبمان و سەرجەم چین و توێژە جیاجیاکان و فەرمانبەرانی حکومەت، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە، بە بانگهێشت کردنیان بۆ وڵاتی چین وبەشداری کردنیان لە خولەکان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی پسپۆڕییان و زیاتر ئاشنابوونیان بە پێشکەوتنەكان ، بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا خزمەتێکی باشتر پێشکەش بکەن. ئەم ڕاهێنانانە نەک تەنها تواناکانی کادیران بەرز دەکەنەوە، بەڵکو دۆستایەتی و نزیکبوونەوەی کلتووری لەنێوان هەردوو گەلدا پتەوتر دەکەن و دەبێتە پردێک بۆ ئاڵوگۆڕی زانست و لێک تێگەیشتن.
ئێمە لەو باوڕەداین کە پلانی ١٥هەمینی پێنج ساڵەی چین، گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە ئاسۆدا دەبێت، بەتایبەتی لە بواری گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و داهێناندا، کە چین بە خێرایی بەرەو پێشەنگی جیهان هەنگاو دەنێت. ئەم پلانە جەخت لەسەر ئابوورییەکی سەوزتر و بەردەوامتر دەکاتەوە، لەگەڵ فراوانکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی "یەک پشتێنە و یەک ڕێگا". کاریگەریی ئەم پلانە تەنها لەسەر چین نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر ئابووری و جوگرافیای سیاسی جیهان، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی.
لەکۆتاییدا، حزبی شیوعی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پاڵپشتی تەواوی سەرکەوتنی کارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانی جیهان دەکات لە پێناو كۆمەڵگای مەدەنی كوردستانی و هیوادارە ئەم ناوەندە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوەی قووڵ و گەشەپێدانی چارەسەری هاوبەش بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و قەیرانەكانی ناوچەكە، بەتایبەت لە بواری بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و گەشەسەندوو بۆ مرۆڤایەتی.
لەگەل ڕێزو پیرۆزبایی دوو بارەمان
.jpg)
.jpg)