بەرێز ... كاك مصطفى سيد قادر.... جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕێز... کاک سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەڕێز ..جین شین :  یاریدەدەری وەزیری فەرمانگەی نێودەوڵەتی لێژنەی ناوەندی حزبی شیوعی چین.

بەڕێز ... تسوى وى :  باڵیوزی كۆماری چینی میللی لە عێراق

بەڕێز ... لیو جیون :  سەرقونسڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان

بەڕێز... کاک فلاح مستەفا ، ڕاوێژکاری باڵای کاروباری دەرەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕێز ...کاک ئومێد خوشناو : پارێزگاری هەولێر

بەرێزان ... ئەکادیمست و مامۆستایانی زانکۆ.

بەرێزان ... چاڵاکوانانی مەدەنی

 بیركردنەوە لە شوناسی چەمكی "دەستپێشخەری شارستانی جیهانی"‌و دامەزراندنی سەنتەرێكی توێژینەوە بەو تایتڵە پرسیارێكە لەوانیە پێویستی بە ئاماژەكردن بە هەندێ خاڵ هەبێت:

1ـ لە ڕێڕەوی مێژوودا، مرۆڤایەتی شارستانی هەمەجۆر‌و هەمەرەنگی درووستكردوە، كە دەتوانین بڵێن نەخشەیەكی بەرچاو‌و گەشەیە لە دەڕبڕینی یادەوەری بە كۆمەڵی گەلان‌و نەتەوە‌و دەوڵەتانی جیهان‌و، ئەمەش ڕەنگدانەوەی كرۆكی چەمكی شارستانییە، كە سەرجەم ژیانی كۆمەڵایەتی مرۆڤ‌و داهێنانی هەمەجۆری گرتۆتەوە لە كومەڵگە سەرەتاییەكانەوە بگرە‌و بە تێپەڕبوون بە قوناغەكانی كشتوكاڵی‌و شۆڕشی پێشەسازی، تا دەگاتە تەكنەلۆجیا زانیاری‌و زیرەكی دەستكرد.

2ـ وانەكانی مێژوو پێمان دەڵێن، سەرجەم شارستانییەكان لە یەكتر دابڕاو نین‌و هەر یەك لەوانە بەها‌و گەنجینەیەكە بۆ ئەو گەلەی بە كەڵكەبوونی مێژوویی بەرهەمیهێناوە‌و، بۆیە چەمكی یەكسانی شارستانییەكان ئاماژەیە بەوەی، كە ناكرێ بە پلە یەك‌و پلە دوو بڕوانینە شارستانییەكانی جیهان‌و، لە سەر پۆلێنی خۆبەزلزانین، شارستانییەك خۆی بە سەنتەر بزانێ‌و ئەوانەی دیكە بە وابەستە. ژیان ئەوەی خستۆتەڕوو، كە هیچ شارستانییەك لە هەموو بوار‌و ڕوویەكەوە پێگەیشتوو یان لە قۆناغی كامڵبوون نییە‌و، هەر شارستانییەك بە شێوەیكی مێژوویی خاڵی بەهێز‌و خاڵی لاوازی هەبووە.

3ـ ئاماژە كردن بۆ شارستانییەكان ئاماژە بۆ ڕابووردوو نییە، بەڵكۆ سوود وەرگرتنە لە بەرهەمە كەڵكەبووەكان‌و ئەزموونە جۆراجۆرەكان لە دەستنیشانكردنی ئێستا‌و ئایندە. سوود وەرگرتنە لە خاڵە بەهێز‌و لاوازەكان بە ئاراستەی دەوڵەمەندكردنی شارستانی مرۆڤایەتی، كە تیایدا سەرجەم نەتەوە‌و گەلان ژیانێكی دەوڵەمەند‌و ئایندەیەك دابین بكەن، كە بژاردەی جۆراجۆر‌و گەشتری تێدابێت.

4ـ یەكێك لە شوناس چەمكی شارستانی بابەتی فراوانییە هەر شارستاییەكە نەك بە مانای داخراوەیی، كە تیایدا وەڵامی شایستە‌و تەواوی بۆ هەر پرسیارێك هەبێت ئێستا‌و ئایندە دەیخاتەڕوو، بەڵكو فراوانییەكی ئۆقیانووس ئاسا كە سەرجەم دەریا‌و ڕووبارەكان دەگرێتە خۆی‌و، ئەمەش زەمینەیە، كە كارابوونی هێزی پەیوەندی‌و لە یەكتر فێربوون بە سەرجەم شارستانییەكان دەبەخشێت. بەم جۆرە خاڵە بەهێزەكانی هەر شارستانیەك بەرهەمی كار‌و دانایی مرۆڤایەتییە.

5ـ لە جوارچێوەی ئەم تێگەیشتنە بۆ چەمكی شارستانی ئاراستەی كاری سەنتەرەكەمان قوڵكردنەوەی توێژینەوە‌و سازدانی كۆڕ‌و دیبەت‌و دیالۆگی نێوان شارستانییەكانە بە پێچەوانەی چەمكی "ململانێی شارستانییەكان"ی هنتكتۆن، یان بە سەنتركردنی بەرهەمی سیاسی نموونەیەك كە چەمكی "كۆتایی مێژوو"ی فۆكۆیاما كە لە گەڵ كۆتایی شەڕی سارد خستیەڕوو.

6ـ سەنترەكەمان بە تێڕوانینێكی قوڵ‌و فراوان دەڕوانێتە چەمكی " دەستپێشخەری شارستانیی جیهانی" كە لەلایەن شی جین بینگ لە 15ی ئازاری 2023 جگە لە پۆستە سیاسی‌و حزبییەكەی وەك بیرمەند‌و تیۆریستێك لە كۆبونەوەیكی ئیفترازی كە بە شانازییەوە تیایدا بەشداربووم، ئاماژەی پێكرد‌و، ئەو چەمكە نوێیەش بەشێكە لە بابەتی فەلسەفی مێژوو كە لە جوڵەیكی بزانیدا تەماشاناكرێت.

7ـ چەمكی دەستپێشخەری شارستانی جیهانی بابەتێكی دابڕوا‌و هەڵواسراو لە بۆشایدا نییە. ئەم چەمكە تەواوكەری دەستپێشخەرەكانی دیكە شی جین بینگە سەبارەت بە ئاسایشی هاوبەشی جیهانی‌و گەشەپێدانی هاوبەشی جیهانی‌و، دواتر دەستپێشخەری حەوكەمەی جیهانی كە شی جین بینگ لە كۆبوونەوەی باڵای ڕێكخراوەی شنگهای بۆ هاریكاری لە سەبتەمبەری ئەم ساڵدا لە شاری تیانجین خستیەڕوو، ئەمەش پرۆژەیەكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستنگ‌و گرفتەكان لە سیستمی نێودەوڵەتی جیهانی بە مەبەستی دابینكردنی هاوبەشی‌و پاراستنی مافی تاك‌و گەلان لە ڕێگای یەكسانی‌و فرەبوون‌و دانانی گەل بە پلە یەك‌و كاری كردەیی.

لە ڕوانگەی بایەخدانمان بە سەرجەم بەرهەمە هزرییەكان‌و دەستپێشخەرییە سیاسییەكانی شی جین بینگ، سەنتەرەكەمان پرۆژەی وەرگێڕانی بەشی سێ و چوارەی كتێبی حەوكەمە‌و ئیدارەی شی جین بینگ بۆ زمانی كوردی هەیە. شایانی باسە سەرجەم ئەم دەستپێشخەریانە بەشێكن لە چەمكی كۆمەڵگەی چارەنووسی هاوبەش مرۆڤایەتی الە سەردەمی نوێدا ،كە هاوكاتە لەگەڵ ئاراستەی مۆدێرناسیزیۆنی چینی.

8ـ سەنتەرەكەمان لە ڕێگای كاری هاوبەش لەگەڵ سەنتەرە توێژینەوەكان‌و ناوەندە ئەكادیمییەكان لە چین كە بە سوپاسەوە كۆنسڵگەری چین ئاسناكاری‌و هاوكاری بۆ كردین دەستمان بە سەرەتاكانی كاری هاوبەشكردووە‌و، بە هەمان شێوە كاردەكەین بۆ ئەوەی لەگەڵ كەسایەتی‌و ناوەندەكانی دیالۆگی شارستانییەكان‌و هاوپەیمانی شارستانییەكان كە لە لایەن یۆنسكۆوە بەڕێوە دەبرێت پرۆژەی هاوبەش سازبكەین‌و ئەمەش بە هەلێگی گونجاو دادەنێن بۆ تێكەڵبوونی شارستانی كوردستان كە بەرهەمی شارستانی زاگرۆس‌و میزیوپۆتامیا و سەڕجەم شارستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەداستە یە لە گەڵ شارستانی چین‌و شارستانییەكانی دیكەی جیهان.