نەبەز مستەفا: بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەسپێشخەریی شارستانیی جیهانی

١. لایەنی ئابووری و تێپەڕین بەرەو "هێزی بەرهەمهێنەری نوێ":
وتارەکە ئاماژەی گرنگ لەخۆ دەگرێت سەبارەت بە تەندروستی و ئاراستەی ئابووریی چین؛ بەزاندنی ئاستەکان و گەیشتنی قەبارەی ئابووری بە ١٤٠ تریلیۆن یوان، نیشانەی ئەوەیە چین سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان، توانیویەتی گەشەیەکی سەقامگیر بپارێزێت.
سەبارەت بە سەربەخۆیی تەکنەلۆژی، جەختکردنەوە لەسەر "پەرەپێدانی سەربەخۆی چیپەکان (Chips)" و "زیرەکیی دەستکرد (AI)"، پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا؛ کە چین دەیەوێت لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە پشت بە خۆی ببەستێت و نەبێتە بارمتەی گەمارۆکان.
لایەنێکی دیکەی وتارەکە، "پلانی پێنج ساڵەی پازدەهەم"ە کە ساڵی ٢٠٢٦ وەک ساڵی دەسپێکی ئەم پلانە دیاری کراوە. ئەم قۆناغە بە "گۆڕانی جۆری" وەسف دەکرێت نەک تەنها گەشەی ژمارەیی. هەروەها جەختکردنەوە لەسەر "کوالیتی بەرز" بەو مانایەیە کە چین چیتر تەنها کارگەی جیهان نییە، بەڵکو دەبێتە ناوەندی داهێنانی جیهانی.

٢. لایەنی سیاسی: نەتەوەییبوون و یەکپارچەیی:
لە ڕووی سیاسییەوە، وتارەکە چەند پەیامێکی ڕوونی تێدایە:

دۆسیەی تایوان: بەکارهێنانی دەستەواژەی "ڕەوتی مێژوویی یەکگرتنەوە ناوەستێنرێت" و بەستنەوەی بە ٨٠ ساڵەی سەرکەوتن بەسەر ژاپۆندا، نیشانەی ئەوەیە کە چین پرسی تایوان وەک بەشێک لە شکۆ و تەواوکاریی جەنگی جیهانی دووەم دەبینێت.

سەقامگیریی ناوخۆیی و گشتگیری: ئاماژەدان بە سەردانەکانی بۆ تبت و شینجیانگ و بەکارهێنانی "دەنکە هەنار" بۆ وێناکردنی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان، هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە سیاسەتە نەتەوەییەکانی چین سەرکەوتوو بوون و وڵاتەکە لە ناوەوە یەکگرتووە.

شەرعییەتی دەسەڵات: سەرۆک (شی جینپینگ) شەرعییەتی دەسەڵاتەکەی بە پاککردنەوەی پارتی کۆمۆنیستی چین لە گەندەڵی دەبەستێتەوە. ئەمە نیشانەی بەردەوامیی "شۆڕشی ناوخۆیی"یە بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی ڕەهای پارتەکە بەسەر دەوڵەتدا.

٣. دەسپێشخەرییەکان و سیاسەتی دەرەوە: جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی جیهانی:
شی جینپینگ لەم وتارەدا هەنگاوێکی نوێ دەسپێدەکات بە ناوی "دەسپێشخەریی حوکمڕانیی جیهانی (Global Governance Initiative)". ئەمەش دوای دەسپێشخەرییەکانی "گەشەپێدان"، "ئاسایش" و "شارستانیەت" دێت. ئەمە چوارەم دەسپێشخەرییە و هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان. چین دەیەوێت بڵێت سیستەمی ئێستای جیهان (کە ئەمریکا ڕابەرایەتی دەکات) دادپەروەر نییە و پێویستی بە گۆڕانە.
هەروەها ئاماژەدان بە بەرپرسیارێتیی جیهانی و بەستنەوەی بە "کۆمەڵگەیەک بۆ داهاتوویەکی هاوبەشی مرۆیی" و نێوەندگیری لە جەنگەکاندا، چین وەک "کۆڵەکەی ئاشتی" دەناسێنێت، لە بەرامبەر ئەو وێنایەی کە ڕۆژئاوا وەک لایەنێکی تێکدەر نیشانی دەدات.

٤. لایەنی کۆمەڵایەتی: "بژێویی خەڵک بابەتێکی بچووک نییە":
وتارەکە زۆر بە وریایی باس لە کێشە ناوخۆییەکانی وەک "پیربوونی دانیشتووان" و "کەمیی ڕێژەی لەدایکبوون" دەکات. ئاماژەدان بە یارمەتییە داراییەکان (وەک ٣٠٠ یوان بۆ هەر منداڵێک) و گرنگیدان بە بەساڵاچووان، هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دیمۆگرافیی چین کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی ئابووریی ئەو وڵاتە

پەیوەندیکردن

   تەلەفۆن:  ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٤٩٢٢٨٢

   ئەدرێس:  كوردستان - هەولێر - گەرەکی ئازادی

   ئیمێل  info@global-civilization.org